islamkingdomfaceBook


خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی خاوه‌نانی کتێب باوه‌ڕیان بهێنایه‌و پارێزکار بوونایه‌، ئه‌وه چاوپۆشیمان له خراپه‌کانیان ده‌کردو لێیان خۆش ده‌بووین و ده‌مانخستنه ناو به‌هه‌شتی پڕ له نازو نیعمه‌ته‌وه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هه‌ستانایه به‌په‌یڕه‌و و پیاده کردنی ته‌ورات و ئینجیل (که مژده‌ی زۆری تیایه ده‌رباره‌ی ئیسلام و محمد (صلی الله علیه وسلم)و ئه‌و قورئانه‌ش که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریانه‌وه بۆیان هاتووه‌ته خواره‌وه (ئه‌و کاته به‌رووبوومی دره‌خته‌کان زۆر و زه‌به‌نده ده‌که‌ین و به‌ره‌که‌ت ده‌خه‌ینه جیهانی دانه‌وێڵه‌و سه‌وزه و خۆراکه‌کانی تره‌وه‌)، ئه‌و کاته خۆراکیان ده‌خوارد له ڕا سه‌رو له‌به‌ر پێیانه‌وه‌، ده‌سته‌یه‌ک له‌وانه که‌سانێکی ژیرو دادپه‌روه‌ر و میانه‌ڕه‌و به ویژدانن، که‌چی زۆربه‌شیان ئه‌و کاروکرده‌وه‌ی که ده‌یکه‌ن زۆر نادروست و نابه‌جێ یه‌.

ئه‌ی پێغه‌مبه‌رو فرستاده‌، هه‌رچی فه‌رمان و په‌یامێکت بۆ دابه‌زیووه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه (بێ دوودڵی، بێ ماتڵی) ڕای بگه‌یه‌نه‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌و کاره هه‌ڵنه‌سایت، ئه‌وه مانای وایه په‌یامه‌که‌یت (به‌ته‌واویی) نه‌گه‌یاندووه (دڵنیاش به که‌) خوا ده‌تپارێزێت له شه‌ڕ و خراپه‌ی خه‌ڵکی، چونکه به‌ڕاستی خوا هیدایه‌ت و ڕێنموویی قه‌وم و هۆزی بێ باوه‌ڕان نادات.

(ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) بڵێ: ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب، ئێوه له‌سه‌ر هیچ به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وو پڕۆگرامێک نین، هه‌تا به‌چاکی په‌یڕه‌و و پیاده‌ی ته‌ورات و ئینجیل و ئه‌وه‌ی (له‌م دواییه‌دا، که قورئانه‌) نه‌که‌ن که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆتان دابه‌زیووه‌، سوێند بێت به‌خوا زۆربه‌یان ئه‌وه‌ی نێردراوه‌ته خواره‌وه بۆت له لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه یاخی بوون و سته‌میان زیاد ده‌کات و نغرۆیان ده‌کات له بێ باوه‌ڕیدا (که‌چی له‌جیاتی گوێڕایه‌ڵی و ملکه‌چیی زۆربه‌یان هه‌وڵ ده‌ده‌ن شت هه‌ڵبه‌ستن بۆ ئه‌و قورئانه‌ی که بۆمان ڕه‌وانه کردوویت)، جا ئیتر خه‌فه‌ت و په‌ژاره دات نه‌گرێت بۆ ئه‌و گه‌له بێ باوه‌ڕه‌، (کاتێک: باوه‌ڕ ناهێنن، کاتێک تۆڵه‌یان لێ ده‌که‌ینه‌وه له دنیادا پێش قیامه‌ت).

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه (له ئوممه‌تی محمد (صلی الله علیه وسلم) و ئه‌وانه‌ی که بوون به جوو و ئه‌وانه‌ی صابئه‌ن (فریشته په‌رست و ئه‌ستێره په‌رستن) و گاوره‌کان، هه‌ر یه‌ک له‌و ده‌سته‌و تاقمانه ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی دامه‌زراو به‌خواو به ڕۆژی دوایی بهێنێت، و کارو کرده‌وه‌ی چاک و دروست و به‌سوود ئه‌نجام بدات، ئه‌وانه نه‌ترس و بیم یه‌خه‌یان ده‌گرێت، نه‌خه‌م و په‌ژاره ڕوویان تێده‌کات (کاتێک له‌به‌ر ڕۆشنایی قورئانه‌وه ئه‌و باوه‌ڕه ده‌هێنن).

سوێند بێت به‌خوا بێگومان ئێمه په‌یمانمان له نه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌رگرتووه (که له ڕێبازی یه‌کتاناسی و چاکه‌کاریی لانه‌ده‌ن)، چه‌ند پێغه‌مبه‌رێکیشمان بۆ ڕه‌وانه کردوون، هه‌رکاتێک یه‌کێک له‌و پێغه‌مبه‌رانه‌یان به‌دڵ نه‌بوو بێت (به‌هۆی لاساریی و ده‌روون ئاڵۆزیی خۆیانه‌وه یاخود به‌ئاره‌زووی ئه‌وانی نه‌کردبێت) ده‌سته‌یه‌کیان (به‌رنامه‌ی پێغه‌مبه‌رانیان) به‌درۆ زانیووه‌، ده‌سته‌یه‌کی تریشیان په‌لاماریان داون و (شه‌هیدیان کردوون).