islamkingdomfaceBook


(له‌ولاشه‌وه چونکه خۆیان به‌خۆشه‌ویستی خوا داده‌نا) به‌ته‌ما بوون که تووشی به‌ڵاو ناخۆشی و سزا نه‌بن (له سه‌رنجامی لادان و یاخی بوونیان) هه‌ر بۆیه کوێرو که‌ڕ بوون له ئاستی حه‌ق و ڕاستیدا، (دوایی که زانیان زه‌ره‌ریانه‌) ته‌وبه‌یان کرد، خوایش چاوپۆشی لێکردن، له‌وه‌ودوا (تێهه‌ڵچوونه‌وه له تاوان و لادان) و زۆربه‌یان کوێرو که‌ڕ بوونه‌وه له‌ئاستی حه‌ق و ڕاستیدا، خوای گه‌وره‌ش بینایه به‌هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و (به‌سه‌ریاندا تێناپه‌ڕێت).

سوێند به‌خوا به‌ڕاستی، ئه‌وانه بێ باوه‌ڕ بوون که وتیان: خوا هه‌ر مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌مه (به‌مه‌رجێک) مه‌سیح وتوویه‌تی: ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، ئه‌و خوایه بپه‌رستن که په‌روه‌ردگاری من و په‌روه‌ردگاری ئێوه‌شه و دڵنیابن ئه‌وه‌ی شه‌ریک و هاوبه‌ش بۆ خوا بڕیار بدات، ئه‌وه بێگومان خوا به‌هه‌شتی له‌سه‌ر حه‌رامکردووه و شوێن و جێگاو سه‌ره‌نجامی ئاگره‌، ئه‌وسا ئه‌وسته‌مکارانه هیچ جۆره پشتیوانێکیان نی یه (که‌س ناتوانێت فریایان بکه‌وێت).

سوێند بێت به‌خوا بێگومان ئه‌وانه‌ش بێ باوه‌ڕ بوون که وتیان: خوا یه‌کێکه له سێ دانه خوا (له حاڵه‌تێکدا): هیچ خوایه‌ک، هیچ په‌روه‌ردگارێک نیه جگه له خوایه‌کی تاکو ته‌نها، خۆ ئه‌گه‌ر له‌و گوفتاره نابه‌جێ و ناقۆڵایه‌یان کۆڵ نه‌ده‌ن، سوێند به‌خوا ئه‌وانه‌یان که بێ باوه‌ڕ بوون سزایه‌کی به‌ئێشیان تووش ده‌بێت.

ئایا (خاوه‌نانی ئه‌و بیرو بڕوا پووچانه‌) حه‌ق نیه ته‌وبه بکه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای خواو داوای لێخۆشبوونی لێ بکه‌ن؟ له‌کاتێکدا: خوا لێخۆشبووه و میهره‌بانیشه‌!!

مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌م هیچ شتێک نی یه (نه خوایه و نه کوڕی خوایه‌) جگه پێغه‌مبه‌رێکی خوا نه‌بێت، به ڕاستی پێش ئه‌و چه‌نده‌ها پێغه‌مبه‌ری تریش ڕابوردوون، دایکیشی ئافره‌تێکی زۆر ڕاست و ڕاستگۆیه‌، هه‌ردووکیان خواردنیان ده‌خوارد (وه‌کو هه‌موو ئینسانێک) سه‌یر بکه و سه‌رنج بده (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) چۆن هه‌موو فه‌رمان و به‌ڵگه‌یه‌کیان بۆ ڕوون ده‌که‌ینه‌وه‌، له‌وه‌ودوا ته‌ماشاکا چۆن ڕوویان له حه‌ق وه‌رده‌چه‌رخێنرێت و له‌ڕاستی لاده‌درێن!

پێیان بڵێ: ئایا (ئه‌وه ڕاسته) له جیاتی خوا شتێک ده‌په‌رستن که نه زه‌ره‌رتانی به‌ده‌سته نه قازانج، (به‌ڵکو) هه‌ر خوا خۆی بیسه‌رو زانایه (ئه‌و شتانه‌ی ئێوه به‌ده‌وریدا دێن هیچیان له ده‌ست نایه‌ت).

هه‌روه‌ها بڵێ: ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب زیاده‌ڕه‌وی مه‌که‌ن له ئاینه‌که‌تاندا به‌زیاده‌ڕه‌وی نابه‌جێ و له سنووری حه‌ق و ڕاستی ده‌رمه‌چن، شوێنی ئاره‌زووی ئه‌و که‌سانه مه‌که‌ون که بێگومان پێشان گومڕا بوون و زۆر که‌سیشیان گومڕا کردو ئه‌وانیش له‌و ڕێگه‌و ڕێبازه ڕاسته لایاندا.